زانكۆ پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی پرۆتۆكۆڵێكی كاری هاوبه‌ش واژۆ ده‌كه‌ن، سه‌رۆكی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت "له‌سه‌ر چۆنێتی نوێبونه‌وه‌ی كارگه‌كان كار ده‌كه‌ین و هه‌لی كاریش بۆ خوێندكاره‌كانمان ده‌ڕه‌خسێت".
ئه‌مڕۆ 11ی شوباتی2019، له‌مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی پرۆتۆكۆڵێكی كاری هاوبه‌شیان ئیمزاكرد و له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ووردەکاری پرۆژه‌كه‌شیان خسته‌ڕوو.
سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند "توانرا پرۆتۆكێلێك ئیمزا بكرێت، بۆئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی و بازرگانی به‌گه‌ڕبخرێته‌وه و ژماره‌یه‌ك هه‌لی كار بره‌خسێنین بۆ گه‌نجان، له‌و پرۆتۆكۆڵه‌شدا زیاتر ئامانجامانه كارگه له‌كاركه‌وتوه‌كان به‌گه‌ڕبخه‌ینه‌وه‌و ژماره‌یه‌ك گه‌نج دابمه‌زرێنین و له‌كه‌رتی تایبه‌ت هه‌لی كاریان بۆ بره‌خسێنین".
له‌به‌رامبه‌ریشدا، د.ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی وتی"له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆتۆكۆله هه‌وڵه‌كانی خۆمان به‌رده‌وام ده‌كه‌ین، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بازاڕی كار زانكۆكان بگونجێنین، له‌ماوه‌ی چوار ساڵدا سیاسه‌تێكی گونجاوی په‌یڕه‌و بكه‌ین له‌بواره‌كانی كشتوكاڵ و ئه‌و بوارانه‌ی له‌بازاڕدا خواستی له‌سه‌ره، له‌سه‌ر چۆنێتی نوێبونه‌وه‌ی كارگه‌كان كار ده‌كه‌ین و هه‌لی كاریش بۆ خوێندكاره‌كانمان ده‌ڕه‌خسێت".
وتیشی"هه‌وڵمانداوه خوێندكار له‌گه‌ڵ بازاڕی كار بگونجێنن، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا ساڵانه خولیان بۆده‌كه‌ینه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك دبلۆمی باڵای یه‌ك ساڵه ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسن بۆئه‌وه‌ی له‌كارگه‌كان به‌شێوازی پرۆفیشناڵانه كار بكه‌ن".