پارتی پاشەکشە ناکات لە کۆبوونەوەی ١٨ ی شوباتی پەرلەمان

ئەندامێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت " هیچ پاشەکشەیەک لەو بابەتی کۆبوونەوەی ١٨ ی شوباتی پەرلەمانی کوردستان نابینم ".

زانای مەلا خالید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیاکانی نزیک پارتی راگەیاندووە" بڕیاری کۆبوونەوەی ١٨ی شوبات بڕیاری پارتی و یەکێتییە و تێیدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، هیچ پاشەکشەیەک لەو بابەتەدا نابینم".
 
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە: ”ئەگەر بابەتی کۆبوونەوەی پەرلەمان وابەستە بکرێت بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامە سیاسییەکە، ئەوا هیچ خاڵێک نییە کە بڵێین پێش ١٨ی مانگ ڕێککەوتنی سیاسی واژۆ بکەین، پێمان ئاساییە کە ئەگەر پێش ئەو بەروارە ڕێککەوتنەکە تەواو ببێت، واژۆش بکرێت، بەڵام ئەگەر دواشبکەوێت، نابێتە بیانوو بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان".
 
زانای مەلا خالید بە دووری زانی کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە بەتاڵی بهێڵدرێتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر جێگری یەکەم (پشکی پارتییە) و جێگری دووەم (پشکی پێکهاتەکانە) هەڵدەبژێردرێن، ”دەبێ ببنە جێگری کەسێک کە سەرۆکی پەرلەمانە". وتیشی: ”بەپێی یاساکانی پەرلەمان و پەیڕەوی ناوخۆش، پۆست بە بەتاڵی نامێنێتەوە و دەبێ کەسی بۆ دەستنیشان بکەین".



AM:09:14:13/02/2019