چه‌ندین و بیرورای جیاوازی له‌سه‌ر مێژووی ڤالانتاین هه‌یه یه‌كێك له‌و بیرورایانه‌ی کە زۆر باسدەکرێت ده‌ڵێت " له سه‌ده‌کانی سێهه‌می زایینی له رۆما، سه‌رکرده‌یه‌ک هه‌بوو به‌ناوی کلادیۆسی دووەم كه پێی وابوو ئه‌و سه‌ربازانه‌ی که هاوسه‌رگیریان نه‌كردووه باشتر و به‌هێزترن له‌و سه‌ربازانه‌ی که ژن و منداڵیان هه‌یه، هه‌ر بۆیه بڕیار ده‌دات که سه‌ربازه‌کانی ئیمپڕاتوری رۆم نابێت ژن بخوازن و ده‌بێت سه‌ڵت بمێننه‌وه، کلۆدیۆس زۆر زاڵم بووه و ته‌نها بریار لای خۆی بووه و كه‌س نه‌یتوانیوه پێچه‌وانه‌ی یاساكانی مامه‌ڵه بكات.
بەڵام ڤالا‌نتاینی قەدیس کە رەبەنێکی گاور بووە، دژی بڕیاره‌كه‌ی ئیمپڕاتۆر وەستاوەتەوە و ژێربه‌ژێر و بەنهێنی گرێبه‌ستی ژنهێنانی بۆ سه‌ربازه‌كان ئه‌نجامداوە.
دوای ئه‌وه‌ی ئیمپڕاتۆر به‌وه‌ی زانیوە، ده‌ستگیری كردووە و زیندانی کردووە، پاشان بڕیاری له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سەپاندووە و له رۆژی (14/2/270)ی زایینی لەسێدارە دراوە، دواتر پاپا رۆژی كوژرانی (ڤالانتاین)ی قەدیس، كه بانگه‌وازی بۆ خۆشه‌ویستی و ئاشتی دەكرد، بە جه‌ژنی خۆشه‌ویستی لەقەڵەمدا.
لەوكاتەوە عیشقی ئیلاهی بووە عیشقی مرۆڤ، ڤالانتاین بووە رەمزی عیشقێکی مرۆڤدۆستانە، لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەمین دابەزی و، عیشق رەهەندی ستوونی نەما و رەهەندی ئاسۆیی مرۆڤدۆستانەی وەرگرت.
ئه‌م دیارده‌یه ته‌نها وڵاتانی رۆژئاوای نه‌گرته‌وه، به‌ڵكو ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند و پەلی هاویشتە نێو وڵاتانی ئیسلامیشه‌وه، كچان و كوڕانی موسڵمانیش گیرۆده‌ی ئه‌و داوه بوون و بوونه چاولێکه‌ر و ئێستا هەموو ساڵێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی مانا و رەهەندە ئایینی و مێژووییەکەی، هاوکات لەگەڵ کریستیانەکانی جیهان جەژنی ڤالانتاین دەگێڕن.
ساڵانە ئەم جەژنە لە هەر وڵاتەو بە جۆرێک ئەنجام دەدرێت، هەریەکەیان بە شێوازی نەریتی خۆیان ئەم کارە ئەنجام دەدەن، ساڵانەش لە ڤاتیکان هەزاران كوڕ و كچی عاشق ناوی خۆیان دەنووسن بۆ ئەوەی رۆژی 14-2 لەگەڵ پاپا بەسەربەرن، پاپاش لە گۆڕەپانی بەتریسی پیرۆز گوتاریان بۆ دەدات و باسی ژیانی داهاتوویان بۆ دەکات.