رێگای سەرەکی سلێمانی‌و پێنجوێن بەهۆی بەفرەوە داخرا


بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆرەوە، ئەمشەو ١٥ی شوبات رێگەی شاخی ملەكەوە كە رێگای سەرەكی نێوان شاری سلێمانی و قەزای پێنجوێنە، داخرا.

ئەمیر سۆفی، لێپسراوی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن راگەیاندووە" بەهۆی بارینی بەفرێكی زۆرەوە كە لەئێوارەی ئەمڕۆوە دەستیپێكردووە، ئاستەنگی زۆر بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و شۆفێران لەشاخی ملەكەوەی نزیك پێنجوێن دروستبووە".

ئەو بەرپرسە بە ماڵپەڕی دوارۆژی راگەیاندووە "بەوهۆیەوە لەئێستادا ئەو رێگەیە داخراوە و هاتووچۆی لێ ناكرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ پاكردنەوەی رێگەكە، لەئێستادا تیمەكانی شارەوانی پێنجوێن و كۆمپانیای گارێكس و بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی سەرقاڵی پاكردنەوەن و ئەمشەو هەتا بەفر ببارێت رێگەكە پاكدەكەینەوە.

ناوبراو داواشی لە هاووڵاتیان و شۆفێران کرد زۆر پێویست نەبوو نەچنە دەرەوەی قەزاكە و پێویستە شۆفێران زنجیر بەكاربهێن و بەئۆتۆمبێلی بچووكیش هاتووچۆ نەكەن.

دوو رۆژە شەپۆلێکی نوێی بەفرو بارانبارین هەرێمی گرتۆتەوەو تا رۆژی دوو شەممە بەردەوام دەبێت.


ئه‌م بابه‌ته ‌10590 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:53:15/02/2019