لە گردی سەیوان بەشی یەکەمی مەراسیمی شەهیدانی ١٧ ی شوبات بەڕێوەچوو

بەئامەدەبوونی هاوڵاتییان و کەسوکاری شەهیدان بەیانی ئەمرۆ، بەشی یەکەمی مەراسیمی هەشت ساڵەی یادی ١٧ ی شوبات لە گردی سەیوانی سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا باوکی ڕێژوان یەکەم شەهیدی ١٧ ی شوبات وتارێکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوە کرد " دەسەڵات تاوەکو ئێستا سورە لەسەر داگیرکردنی ئازادییەکانی هاوڵاتییان و بەهەمان ڕەفتاری ١٧ شوباتەوە چالاکوانەکان زیندان دەکات".

هەروەها وتیشی " باوەر و شێوەیەک بڕوابوون بە باشبوون و گۆڕینی ڕەوتی دەسەڵات جگە لە خۆدزینەوە هیچی دیکە نیە، دەسەڵات هەمان ئەو دەسەڵاتەیە کە شەقامە سپییەکانی ١٧ی شوباتی بە خوێنی سوری رۆڵەکانمان سور کرد".

باوکی شەهید رێژوان راشیگەیاند، کەیسی شەهید رێژوان ڕەوانەی دادگای هەولێر کراوە و لەوێ کەیسەکەی داخراوە.

بڕیاریشە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ٢ ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی رۆشنبیری مەراسیمێکی وتارخوێندنەوە لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی سازبکرێت.

رۆژی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ بە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و وەستانەوە بەرووی نادادپەروەری، خەڵکی پارێزگای سلێمانی بۆ ماوەی ٦٢ رۆژ بەردەوام بوو لە خۆپیشاندان، دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەرکوتکرا، لەو خۆپیشاندانانەدا ١٠ کەس شەهیدبوون، ٩ هاوڵاتی و کەسێکیان پۆلیس بوو، هەروەها بەسەدان کەس لە خۆپیشاندەرو هێزە ئەمنییەکان بریندرابوون.



AM:10:43:17/02/2019