مەراسیمی یادی شەهیدانی ١٧ی شوبات بەڕێوەدەچێت

مەراسیمی یادی شەهیدانی ١٧ی شوبات بەبەشداری کەسوکاری شەهیدان و هاوڵاتیان لایەنگری بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا باوکی سورکێو وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، بکوژمان هەیە فەرمانی گرتنی هەیە بەڵام لە ئێستادا پلەکەی بەرزکراوەتەوە کراوە بە بەرپرسی پۆلیسی سلێمانی، وتیشی "هەموو جارێک لە دادگا داوای تەمیزی کردووە و بە سودی ئەو بڕیاری دادگا تەمیز کراوەتەوە بەڵام لە بری دەستگیرکردن پلەی بەرزکراوەتەوە".

هەر لە مەراسیمەکەدا وێرای وتاری کەسوکاری شەهیدان، بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنیری سلێمانی و هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەشێک لە هێز و لایەنەکان وتاریان پێشکەش کرد.

هەر لە مەراسیمەکەدا و دوای وتاری نەوەی نوێ لەسەر فیکە لێدان گلەیی و پشێوی لەلایەن لایەنگرانی گۆڕان و نەوەی نوێوە دروستبوو و بەو هۆیەوە لایەنگرانی نەوەی نوێ هۆڵەکەیان جێهێشت و تا ئێستاش مەراسیمەکە بەردەوامی هەیە.

هاوکات کەناڵی ئێن ئاڕتی بڵاویکردەوە هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی بە جلی مەدەنییەوە و ڕێگەیان گرتووە لە تیمەکەیان و ڕێگەیان نەداون ڕووماڵی یادەکە بکەن و دەستیشیان گرتووە بە سەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانیەکانیاندا.




PM:03:29:17/02/2019