فالح فەیاز: داعش لە بەرگی ڕێكخراوێكی نوێ دەستی بە جوڵە کردووەتەوە

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە بەرگی ڕێكخراوێكی نوێ دەستی بە جولەکردووەتەوە.

فالح فەیاز بە گۆڤاری "شپیگڵ"ی ئەڵمانی راگەیاند، بەم دواییە داعش دەستی بە جووڵە و چالاكی كردووەتەوە و چەند ئاماژەیەك هەن، كە وای پێشان دەدەن داعش لە بەرگی ڕێكخراوێكی نهێنیی نوێ خۆی ڕێك دەخاتەوە.

وتیشی،  بەڵگە و ئاماژەی تەواویان لەبەر دەستە، كە لایەنگرانی داعش ڕێكخراوێكی نوێ دروست دەكەنەوە و بە نیازیشن لەسەر شێوازی ڕێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە درێژە بە کار و چالاكییەكانیان بدەنەوە.

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق باسی لەوەشکردووە، لەو كاتەی هێزە ئەمنییەکان لە شوێنێكی دیاریكراودا راوی داعش دەنێن، بەڵام دەتوانن لە بەرگی ئاوارە مەدەنیەكاندا خۆیان بخزێننە ناو شارەكانی ترەوە و لەنێو خێوەتگەكاندا خۆیان حەشار بدەن، دواتر لە كاتێكی تردا خۆیان ڕێك بخەنەوە و بەرەو ناوچەی چالاكییەكانی خۆیان بچنەوە.


AM:12:06:18/02/2019