هاوڵاتیان لە بەکارهێنانی جۆرێک دەرمان ئاگادار دەکرێنەوە

بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵیی جۆریی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی بڵاوبوونەوەی جۆرە قەترەیەكی چاوەوە، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ریكلامی بۆ دەكرێت، هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان.

لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی كە وێنەیەكی دەست "سپی" كەوتووە، هاتووە "قەترەیەكی چاو كە هیچ ڕێگەپێدران و ڕێنماییەكی زانستی بۆ دروستكردنی نیە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕیكلامی هەڵبەستراوی بۆ دەكرێت كە بەكارهێنانی مەترسی لێ دەكرێت".

بەڕێوەبەرایەتییەكە داوای لە هاووڵاتیان كردووە بە ڕیكلام و پڕوپاگەندەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان تایبەت بە دەرمان باوەڕ نەكەن و نەیكڕن، چونكە بەكارهێنانی دەرمان بەبێ پزیشكی تایبەتمەند، مەترسی گەورەی لەسەر تەندروستی هەیە، بە تایبەت ئەو دەرمانانەی كە پەیوەندییان بە ئەندامی هەستیاری وەك چاوەوە هەیە.


PM:05:41:22/02/2019