دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکاتەوە

 ئەمڕۆ شەممە 23ی شوبات،  شارەوانی هەڵەبجە رایگەیاند لەئایندەیەكی نزیكدا دەستدەکەنەوە بەدابەشكردنی زەوی بەسەر وارسی شەهیدان و كیمیاباران و ژمارەیەكی زۆر لەومامۆستایانەی كە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە.

كوێستان ئەكرەم سەرۆكی شارەوانی پارێزگای هەڵەبجە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر وارسی شەهیدان و كیمیاباران و مامۆستایان و فەرمانبەراندا چاوەڕێی دانانی نەخشەی بنەڕەتی و یەكلاكردنەوەی ئەو زەویانەین كە بڕیارە بدرێتە شارەوانی.

وتیشی، لە ئێستادا 900 پارچە زەوی ئیفرازكراومان هەیەو لەهەفتەی داهاتوشەوە دەستدەكەین بەدابەشكردنی، سەرەتا لەوارسی شەهیدان و كیمیابارانكراوانەوە دەستپپێدەكات و دواتریش ئەو مامۆستایانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە و دواتریش تەواوی فەرمانبەران.

سەرۆكی شارەوانی پارێزگای هەڵەبجە راشیگەیاند، چاوەڕی دەزگای شەهیدان دەكەن بۆ رەوانەكردنی لیستی وارسی شەهیدان كە مافی خۆیانە زەویان پێبدرێت، هەروەها جگە لەوارسی شەهیدان و كیمیاباران، زەوی بەسەر وارسی شەهیدانی لایەنە سیاسیەكانیشدا دابەشدەكەن.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا فاروق غەفور سەرۆكی لقی هەڵەبجەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان وتی،  پارێزگای هەڵەبجەو شارەوانی زۆر هاوكارییان كردون بۆ دابینكردنی پارچە زەوی بۆ مامۆستایان.

سەرۆكی لقی هەڵەبجەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان روونیشیکردەوە، ژمارەی ئەو مامۆستایانە 280 مامۆستایەو، لەساڵی 2005ەوەكە دەكاتە 14 ساڵ،  فەرمانی وەگرتنی زەوییان هەیە، مافی خۆیانە زەوییەكانیان پێبدرێت.  



PM:01:03:23/02/2019