یەکیتی مەرجی نوێی بۆ رێککەوتن لەگەڵ پارتی هەیە

سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختدەكاتەوە كە دەبێت كەركوك بەشێك بێت لەو رێككەوتنە سیاسییەی نێوانیان، هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێتە فرە بازنە.

سەعدی پیرە سەبارەت بە كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و پارتی بە دەنگی ئەمریكای رایگەیاندووە" گفتوگۆ دەبێت لەسەر ڕێکەوتنی سیاسی کە ئەویش کلیلی دوو دۆسیەی ترە کە ئەویش مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان، دووەمیان، مەسەلەی کەرکوکە، لەبابەتی کەرکوکدا دەبێت جۆرێک لە تێگەیشتن لەسەر ئاستی باڵا بکرێت لەنێوان هەردوولادا".

پیرە، ئەوەشی خستەڕوو كە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دەتوانێت ئەو كارە نایاساییانە رابگرێت كە پارێزگاری بە وەكالەت لەوێ ئەنجامیان دەدات و وتی: "بەکارهێنانی هێز لەکەرکوک و ئەوکارانەی ئەمڕۆ لەکەرکوک دەکرێت بە ڕەزامەندی پارێزگارە بۆیە ئەگەر پارێزگار کورد بێت ئەو کارانە ناکرێت".

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی راشیگەیاند "کەرکوک یەکێکە لەو بابەتانە، دوای ئەوە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن و ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە، چونکە ئێمە وتومانە بابەتی دەستور و ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە دەبێت بە سازان و ڕێککەوتن بێت".

سەعدی پیرە لە درێژەی لێدوانەكەیدا بەشێك لەو بابەتانەی خستەڕ,و كە پێویستە لە رێككەوتنی سیاسیدا یەكلابكرێنەوە و وتی:" بابەتی ئەوەی کە کوردستان لەبری ئەوەی یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت دەبێت هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردن بێت هاوشێوەی عیراق" فرە بازنەیی"، دووەم ، بابەتی لیستی کراوە یا داخراو، سێیەم مەسەلەی کۆتاکان، کۆتاکان مافی خۆیانە کە نوێنەرییان هەبێت بەڵام دەبێت شێوازێک بدۆزینەوە کە خراپ سودییان لێ نەبینرێت بەڵکو دەبێت نوێنەری پێکهاتەی خۆیان بن لەلایەن خۆیانەوە هەڵبژێرێن بۆ نمونە مەسیحی بوو دەبێت مەسیحی دەنگی بۆ بدات."

ئاماژەشیدا بەوەی مەرج نییە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا مەكتەبی سیاسی یەکێتیی و پارتی بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.



AM:11:07:04/03/2019