بەهۆی دواکەوتنی رێککەوتنی یەکێتی و پارتییەوە موچەو بودجەی هەرێمیش لە بەغداد دواکەوت

بەهۆی دواکەوتن و پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێم تا ئێستا حکومەتی بەغدا موچە و بودجەی هەرێمی نەناردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێم بە "سپی" راگەیاند، هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی بودجە و موچەی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی پەرلەمانی عێراق پەیوەندی هەبووە بە رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتییەوە.

وتیشی، ناوەندە عێراقییەکان بە سەرکردایەتی کورد بەتایبەت حکومەتی هەرێمان راگەیاندووە، بۆیە بودجەو موچەی هەرێم بەپێی یاسای بودجە ٢٠١٩ نایەت، لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێم پێکنەهاتووەو ئەو دوولایەنە رێکنەکەوتون.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو رێکەوتنەی ئەمڕۆ لەنێوان یەکێتی و پارتی سازکرا دەبێتە مایەی ئەوەی بودجە و موچەی هەرێم بەپێی یاسای ٢٠١٩ بگاتە کوردستان.

نەگەیشتنی موچەو بودجە بەدرێژایی ئەم چەند مانگە لەکاتێکدایە کە پارێزگاکانی تر بەپێی ئەو سەڵاحیەتەی دراوە بە حکومەت موچەی فەرمانبەران بەتاواوەتی دراوە، بەڵام ئەوە هەرێمە کە موچە بەتەواوەتی نەدراوەو تا ئێستا بە سیستمی پاشەکەوتی موچە دەڕوات بەڕێوە، وەک سەرچاوەکەی سپی وتی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتنی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی.



PM:07:57:04/03/2019