وەزارەتی سامانە سروشتیەكان باشبونی كارەبای هەرێم ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم گرێبەستێكی 20 ساڵە بۆ فرۆشتنی غاز واژۆ دەکات و ڕاشیدەگەیەنێت "دۆخی كارەبای هەرێمی كوردستان باشتردەبێت". 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی كۆمپانیای دانەغاز كە وێنەیەكی  بۆ "سپی" نێردراوە تێیدا ئاماژە بەوەكراوە، هەردوو كۆمپانیای دانەغازو نەوتی هیلال لەماوەی دوو ساڵدا بەرهەمهێنانی غاز لەكێڵگەی كۆرمۆر بەڕێژەی 63% زیاددەكەن.

ئەوەشی ئاشكراكردوە، لەو ڕوەشەوە گرێبەستێكی (20) ساڵە بۆ فرۆشتنی غاز واژۆكرا لەنێوان كۆمپانیای پێرڵ پترۆلیۆم و حكومەتی هەرێمدا واژۆكراوە كە بەرهەمهێنانی 250 ملیۆن پێ سێجای تر لەفرۆشی غاز بۆ ئیشپێكردنی وێستگە نێوخۆییەكانی كارەبا زیاد دەكات.

ئاشکراشیکردووە، پلانداڕێژراوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆژانەی بەرهەمهێنانی غاز لەكێڵگەی كۆرمۆر بۆ 650 ملیۆن پێ سێجا لەساڵی 2021 و دواتر بۆ 900 ملیۆن پێ سێجا لەساڵی 2022دا.

لەوبارەیەوە د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندوە، "ڕێككەوتنەكە هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئێمە بەتایبەتی كە خزمەتگوزاری باشتر بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابیندەكەین لەڕێگەی باشتربونی ڕەوشی بەرهەمهێنانی كارەبا بەهۆی زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز لەلایەن كۆنسۆرتیۆمەكەوە".

ئاشتی هەورامی جەختیكردۆتەوە، "هەرێم خاوەنی یەدەگێكی زۆری غازەو حكومەتی هەرێمیش سورە لەسەر گێڕانی ڕۆڵێكی ئەرێنی لەپێویستی ڕوو لەزیادبونی غازو كارەبا لەعیراق و ناوچەكەدا".

لەلایەكی دیكەشەوە مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی هیلال و سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیای دانەغاز ئاشكرایكردوتە، "ئەم گرێبەستی فرۆشتنی غازە دەستپێكی قۆناغێكی نوێی فراوانكردنی پرۆژەی غازی كوردستانە كە ئەمەش لەچەند ساڵی ئایندە پێویستی بەوەبەرهێنانی زیاتر لە (700) ملیۆن دۆلاری تر دەبێت بۆ فراوانكردنی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ (900) ملیۆن پێ سێجا لەڕۆژێكدا".

وتوشیەتی "بەمەش دۆخی ئابوری هەرێم و ناوچەكە باشتر دەبێت، بۆیە هیوادارین بتوانین بەردەوامبین لەو بەرەو پێشەوەچونە لەچەند ساڵی ئایندە لەو كێڵگە بایەخدارانە لەپێناو بەرژەوەندی هەرێم و تەواوی عیراق".



PM:02:56:06/03/2019