ئەبو بەکر هەڵەدنی: لە وەزیرەکانم بیستووە پاشەکەوتی مووچە نادرێتەوە

ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند " لە وەزیرەكانی هەرێمی كوردستانی بیستوە كە هیچ موچەخۆرێك بەنیازی ئەوە نەبێت پاشەكەوتی موچەی بۆ بدرێتەوە".
ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" من لە خودی وەزیرەكانی حكومەتی هەرێمم بیستوە كەس بە تەما نەبێت پاشەكەوتی موچەی بۆ بگەڕێنرێتەوە."
ناوبراو ئەوەشی خستۆتەڕو"چونكە حكومەت ئەگەر مەبەستی بوایە ئەو پاشەكەوتە بداتەوە بە موچەخۆران ئەوە ئەو پاشەكەوتەی رۆژانە لەڕێگەی قەرزی خانوبەرە، لە پارەی هاتوچۆ و خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەباوە پاكتاو دەكرد."

ئەو پەرلەمانتارە کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیشە دەڵێت "یەکێک لە ناشرینیەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە هەڵگرتنی پاشەکەوتی موچە دەکاتە مژدە و بۆ خەڵکی کوردستانی ڕادەگەیەنێت لە کاتێکدا ئەم سیستەمی پاشەکەوتە زۆڵمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان."

بەپێی قسەی هەڵەدنی هەڵگرتنی ئەو پاشەكەوتە لەئێستادا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هیچ پاساوێك نەماوە بۆ درێژەپێدانی چونكە "نرخی نەوت بەرزبۆتەوە، شەڕی داعش نەماوە، رێككەوتن لەنێوان بەغداو هەرێم كراوەو كورد بە قورساییەوە گەڕاوەتەوە بەغدا."

وتیشی"پارتی و یەکێتی دەیانەوێت بیکەنە دەستکەوتی خۆیان نەک ئەو هێزانەی بەشداردەبن لە حکومەتدا."

باسی لەوەشكرد كە هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە لەم كاتەدا لەوانەشە پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی نێوان سەرۆک وەزیرانی نوێ و کۆنەوە هەبێت و سەرۆک وەزیری کۆن دەخوازێت بیکاتە دەستکەوتێک بۆ خۆی.



PM:12:04:09/03/2019