توانا ئەمین (مرواریی تاقانە)ی بڵاوکردەوە

توانا ئەمین (مرواریی تاقانە)ی بڵاوکردەوە کە تێڕامانێکی فەلسەفیانەیە لە مرۆڤ و دەوروبەر.

کتێبخانەی گۆڵدن بووک کتێبی "مرواریی تاقانە"ی نووسەر و وەرگێڕ (توانا ئەمین)ی بڵاوکردەوە و نووسەر بە "سپی میدیا"ی وت " ئەم کتێبە بۆ دوو ئاست دابەش دەبێ، ئاستێکیان نزیک لە ژیانی ڕۆژانە و خەمە جڤاکی و ئینسانییە گشتییەکانە کە هەر کەسەمان هەمانە. بە چاوێکی کونپشکیانەوە دەپرسێ پارە چییە؟ پەیوەندی و خیانەت چین؟ موڵکایەتی چیە؟ خۆشەویستی چییە؟ تەنیایی چییە؟ شار چییە؟ دڵ چییە؟ خوداپەرستی چییە؟ و هتد... ئاستی دووەم کە بۆ من گرنگترینیانە؛ ئاستێکە بڕێ زیاتر دەڕوات، ئەویش پرسە یونڤێرساڵی و وجودییەکانە وەک ئینسان؛ گاهێ عیرفانی و گاهێ گومانکارانە دەپرسێ: ئێمە بۆ هەین، لە کوێوە هاتووین، کێ ئێمەی دروست کردوە، ئەم شتانە بۆ وان، ئەوانەی دەمرن دەچن بۆ کوێ، ئازار بۆ هەیە؟ ژیان چییە؟ مەرگ بۆ هەیە؟ و هتد...".

ناوبراو وتیشی "بەگشتی تێڕامانێکی فەلسەفیانەیە لە ئینسان و دەوروبەر بەڵام بە زمانێکی سادە و شیعریانە، بە شێوەیەک هەمووان بتوانن تێی بگەن... لەگەڵ ئەمانەیشدا سەرجەمی لاپەڕەکانی کتێبەکە لە لایەن هونەرمەند (چینەر عوسمان)ـەوە نیگارڕێژ کراوە و بۆ هەر بابەتێک سکێچێکی دروست کردووە... ئەمەیش پتر کتێبەکەی هەمەڕەنگ و ڕەونەقدارتر کردووە".

توانا ئەمین، نووسەرێکی تاراوگەنشینی کوردە و زیاتر لە ٢٠ بەرهەمی لە بوارەکانی چیرۆک، لێکۆلێنەوەی ئەدەبی، وەرگێڕاندا هەیە.


PM:04:47:12/03/2019