ئاسایشی سلێمانی زانیاری لەسەر سەرۆک باندی دزیەکەی نەخۆشخانەی شار بڵاودەکاتەوە

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاشکرایکرد، سەرۆکی باندەکە پێشتر تەقەی لە ماڵان و یانەکان کردووە، لە چاکسازیی گەوران ھەڵاتووە و لە زاخۆ دەستگیرکراوەتەوە و دەشڵێت "یەکێک لە کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە پەیوەندی بەگروپەکەوە ھەبووە و لێکۆڵینەوە لەگەلێدا بەردەوامە"،

حەسەن نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی کوردسات راگەیاند، سەرۆکی باندەکە پێشتر چەند جارێک لەسەر تاوانی دیکە بە تایبەتی کوشتن لە لایەن پۆلیس و ئاسایش دەستگیرکراوە، پێشتریش تەقەی لەماڵان و یانەکان کردووە و لە چاکسازیی گەوران ھەڵاتووە بەڵام لە زاخۆ دەستگیرکراوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو،  سەرۆکی باندی دزینی مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار پێشتر بەرنامەی داڕشتووە و لە لایەن کارمەندێکی بانکەوە زانیاریان پێدراوە.

ئاشکراشیکرد، سەرۆکی باندەکە ئۆتۆمبێلەکەی لە رێگەی فەیسبووکەوە کڕیوە.

حەسەن نوری دەربارەی تاوانبارەکانی دیکە ئاماژەی بەوەکرد، چوار لە تۆمەتبارەکان پێشتر حکوم دراون و شەش  کەسیان پێشینەی تاوانکارییان ھەیە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی شێوازی دزینەکەی ئاشکراکرد و وتی، دوای ئەوەی باندەکە پارەکەیان لە جێگەیەک شاردووەتەوە، بۆ ئەوەی گومانیان لینەکرێت هەریەکەیان بۆ شوێنێک رۆیشتوون. پیلانەکەش بەر لە دوو مانگ و بە وردیی داڕێژراوە.

وتیشی، یەکێک لە کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە پەیوەندی بەگروپەکەوە ھەبووە و لێکۆڵینەوە لەگەلێدا بەردەوامە، تاکو پشتڕاست بکرێتەوە ئەو کەسە بە مەبەست زانیارییەکانی داوە بە گروپەکە یان بێ مەبەست بووە، وردەکاریی ئاشکراکردنی ئەو راستییەش بەجێھێڵراوە بۆ دادگا.

سەرلەبەیانی دوێنی "سپی" وەک یەکەم میدیا وێنە و زانیاری لەسەر سەرۆکی باندەکە و تۆمەتبارانی دیکە بڵاوکردەوە.


 


AM:09:02:14/03/2019