بێگەرد تاڵەبانی: تائێستا یەكێتیی‌ بڕیاری نەداوە پۆستی سەرۆكی‌ پەرلەمان وەرنەگرێت

بێگەر تاڵەبانی‌ ئەندامی سەركردایەتی‌ یەكێتیی‌ و پەرلەمانتاری‌ ئەو حزبە لەپەرلەمانی‌ كوردستان ڕایدەگەیەنێت، "تائێستا یەكێتیی‌ بڕیاری نەداوە پۆستی سەرۆكی‌ پەرلەمان وەرنەگرێت"، دەشڵێت "چاومان لەسەرۆكی‌ لیژنەكانی پێشمەرگەو دارایی و شارەوانییە".

بێگەر تاڵەبانی‌، ئەندامی سەركردایەتی‌ یەكێتیی‌ و پەرلەمانتاری‌ ئەو حزبە لەپەرلەمانی‌ كوردستان لەكاتی‌ چونی‌ بۆ بەشداریكردن لەكۆبونەوەی‌ دەستەی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان بەڕۆژنامەنوسانی‌ وت "لەچەند ڕۆژی‌ داهاتودا یەكێتیی‌ و پارتی‌ كۆبونەوە ئەنجامدەدەن، ئەوكاتیش بەرچاوڕونیمان دەبێت لەسەر ئەو پۆستانەی‌ كە پشكی‌ یەكێتیی‌ دەبێت لەكابینەی حكومەتدا".

سەبارەت بەهەمواركردنەوەی‌ یاسای سەرۆكایەتی‌ هەرێم و هەڵوێستی‌ یەكێتیی‌ لەسەر ئەو پرسە, بێگەرد تاڵەبانی‌ وتی‌ "ئەو یاسایانەی‌ ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە پێمان باشە بۆچونی‌ هەمولایەنەكانی‌ لەسەربێت و پێشتر یەكێتیش پڕۆژەیاسای‌ بۆهەمواری یاسای سەرۆكایەتی‌ هەرێم هەبوەو لەم خولەشدا پێمان باشە بۆچونی‌ تەواوی‌ لایەنەكانی‌ لەسەربێت".

سەبارەت بەپۆستی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمانیش، بێگەرد تاڵەبانی‌ جەختیكردەوە، "تائێستا یەكێتیی‌ بەفەرمی ڕِاینەگەیاندوە پۆستی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان وەرناگرێت و قسە لەسەر هیچ پۆستێكیش نەكراوە".

وتیشی "لەئێستادا دەچینە دانوستان لەسەر سەرۆك و بڕیاردەری‌ لیژنەكانی‌ پەرلەمان و چاومان لەسەرۆكی‌ لیژنەی‌ دارایی و پێشمەرگەو شارەوانییە لەم خولەدا وەربگرین".



PM:12:11:17/03/2019