ئاماری قوربانیانی ڕووداوەكەی نیوزلەندا بەرزبووەوە

ئاماری قوربانیانی ڕووداوەكەی نیوزلەندا بۆ 50 كەس بەرزبوەوە و سەرۆك وەزیرانی نیوزلەنداش دەڵێت تاوانكارەكە نۆ خولەك بەر لە ئەنجامدانی ڕوداوەكە، بە نامەیەك ئاگاداری كردوەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە پۆلیسی نیوزلەندا بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند، تەرمی هاوڵاتیەكی دیكەیان لەناو مزگەوتی نور دۆزیوەتەوە و بەوەش ژمارەی كوژراوەكان بون بە 50 كەس.

لایخۆشییەوە جاسیندا ئاندرین سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا رایگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی كوژراوەكان رادەستی كەسوكاریان دەكرێتەوە.

سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو تاوانبارەی هێرشی كردە سەر دوو مزگەوتەكەی شاری كرایست و نزیكەی 50 هاوڵاتی كوشت، نۆ خولەك بەر لە ئەنجامدانی ڕوداوەكە، بە نامەیەك ئاگاداری كردوەتەوەو ئەویش لای خۆیەوە، دو خولەك پاش ئەوە، دەزگا پەیوەندیدارەكانی ئاگادار كردوەتەوە. 

لەبەشێكی تری وتەكانیدا، سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا وتیشی: سەبارەت بەشوێنی ڕوداوەكە، تاوانبارەكە هیچ ڕونكردنەوەیەكی نەداوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كردەوە تیرۆرستییەكەی رۆژی هەینی رابردو خراپترین روداوە لەمێژوی وڵاتەكەیدا كە لە ماوەی ئاشتیدا رویدابێت، بەهۆیەوە باری ئاسایشی وڵاتەكەی وەك مەترسیدارترین حاڵەت راگەیاندوە.

هاوكات، مایك بوش، كۆمسیاری پۆلیسی نیوزلەندا ئاشكرایكردوە، بكوژەكە وەك سپی پێستێكی خۆیست خۆیناساندوە كە مافی رێزگرتن و ژیانی لەوانی دیكە زیاترە و تا ئێستا ئاماژەكان بۆئەوەیە كە خۆی بەتەنها كردەوە تیرۆرستییەكەی ئەنجامدابێت.

لەبارەی ئەو سێ كەسەی دیكە كە دەستگیركراون مایك وتی، پێناچێت ئەوان دەستیان لەتاوانەكەدا هەبوبێت، بەڵام دوایین بڕیاری پۆلیس نیە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.

ڕۆژی هەینی برینتن تارانت، گەنجێكی تەمەن 28 ساڵ بەڕەگەز ئوسترالی، هێرشی كردە سەر دوو مزگەوتی موسڵمانان لە نیوزلەندا‌و لەو روداوەدا نزیكەی 50 كەس كوژران و 48 كەسیش بریندار بوون.





PM:01:19:17/03/2019