روانگەی سوری ژمارەی کوژراوەکانی هەسەدەو داعش بڵاودەکاتەوە

ڕوانگەی سوری  بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند" ژمارەی کوژراوەکانی لە باغۆز 474 مەدەنی كوژراون، ژمارەی کوژراوەکانی داعشیش زیاتر لە هەزارو 400 چەكداری ئەو گروپەیە، هەروەها 8 هەزار و 300 چەكداری داعش خۆیان ڕادەستی هەسەدە كردوە.

 ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئامارێكی زیانە گیانییەكانی ئۆپەراسیۆنی باهۆزی جەزیرە بڵاوكردەوە، بەپێی ئەو ئامارەش، لەماوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، نزیكەی 500 مەدەنی كوژراون، ئەمە جگە لە شەهیدبوونی 753 شەرڤانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و كوژرانی نزیكەی 1500 چەكداری داعش و ئاوارەبوونی دەیان هەزار كەس.

كۆنترۆڵكردنەوەی باغۆز، دوا وێستگەی ئەو ئۆپەراسیۆنەبوو كە لە 10ی ئەیلولی ساڵی رابردوو هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ پاككردنەوەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە چەكدارانی داعش، دەستیان پێكرد، ئەو ناوچەیەی لەشارۆچكەی هەجینەوە بەكەناری رووباری فوراتدا درێژ دەبێتەوە تاكو سنورەكانی نێوان عێراق و سوریا.

روانگەی سوریا بۆمافەكانی مرۆڤ، راپۆرتێكی لەبارەی زیانە گیانیەكانی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە، بلاوكردوەتەوە، بەپێی ئەو راپۆرتەش لە 10 ئەیلولی ساڵی رابردوەوە كە ئۆپەراسیۆنەكە هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستیپێكردوە، 474 مەدەنی كوژراون لەو ژمارەیەش، 164 یان مندال بوون و 97 یشیان ژن بوون.

هەرلە وماوەیەشدا هەزار و 442 چەكداری داعش كوژراون، 753 شەرڤانی هێزەكانی سوریای دیموكراتیش شەهیدبوون.

هەرچی پەیوەندیی بە ناوچەی باغۆزیشەوە هەیە، روانگەی سوریا بۆمافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كردوە، لەمانگی كانونی یەكەمی سالی رابردوەوە، 63 هەزار و 250 كەس ئەو ناوچەیان بەرەو ناوچەكانی ژێردەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات، جیهێشتوە، لەو ژمارەیەش 8 هەزارو 300 كەسیان چەكداری داعش بون و خۆیان ڕادەستی ئەو هێزانە كردوە.

ئۆپەراسیۆنی باهۆزی جەزیرە، 192 رۆژی خایاند، بەڵام كۆتاییەكەی جیاوازبوو لە كۆتایی ئۆپەراسیۆنەكانی پێشتر، چونكە  جگە لەسەركەوتنی، ئۆپەراسینەكە كۆتایی بە داعش و ئەوخەلافەتەش هێنا كە 5 سال لەمەوبەر ئەو گروپە تیرۆرستیە لە بەشێك لە خاكی عێراق و سوریا رایانگەیاند.

ئۆپەراسیۆنی باهۆزی جەزیرە:
كوژرانی 474 مەدەنی
كوژرانی 164 منداڵ
كوژرانی 97 ژن
شەهیدبوونی  753 شەڕڤان 
كوژرانی 1442 چەكداری داعش
 8 هەزار و 300چەكداری داعش خۆیان رادەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات كردوە



PM:11:48:23/03/2019