پارتی بەمەرج بەشداری هەڵبژاردنی کەرکوک دەکات

جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوان بەمەەرج بەشداری هەڵبژاردنی پاریزگای کەرکوک دەکەن.

 دیاری حسێن جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی بە ماڵپەڕی حزبەكەی ڕاگەیاند،" ئەو ڕەوشەی ئێستا لە كەركوك هەیە هەمان ئەو ڕەوشەیە كە لە ھەڵبژاردنە پەڕلەمانییەكەی پار ھەبوو.

دۆخی خراپی شارەكە لەبری چارەسەربوون زیادی كردووە، ئەمەش هۆكاری بەشدارینەكردنمان بوو لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لە پارێزگاكە”. ئەو بەرپرسە ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە دەکاتە مەرج بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژارندا.
 
جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك راشگەیاند "ئێمە لەگەڵ ھەڵبژاردنین، پێشتریش كە بەشداریمان نەكرد لەبەرئەوەی ئازادی لە شارەكە نەبوو، بەو شێوەیەی ئێستا دەنگدەر ناتوانێت بە ئازادی بەشداریی دەنگدان بكات، بۆیە ھیچ بڕیارێكمان نییە بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی كەركوك بە چەند مەرجێك نەبێت".

سەبارەت بە مەرجەكانی حزبەكەی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی كەركوك ناوبراو ڕایگەیاند " بەشداریی لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەین، بەو مەرجەی بارودۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە و هێزەكانی دیكە لەو ناوچانە ‌بكشێنەوە و هێزی پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عیراق ئەو ناوچانە بەڕێوەببەن".

وتیشی” دەبێت بارەگاكانی پارتی لە شارەكە بگەڕێنەوە دەست حزب و ئەو ستەمەی ھەیە لەوێ نەمێنێت و دۆخێكی ئازاد بهێنرێتە كایەوە و ئەنجومەنی پارێزگاكەش بگەڕێتەوە شارەكە”.



PM:12:47:29/03/2019