تورکیا...هەڵبژاردنی شارەوانیەکان دەستیپێکرد

کاتژمێر ٧ی ئەمڕۆ  ٣١ی ئازار هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەستپێکردووە و زیاتر لە ٥۷ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

ئەمڕۆ دەنگدەرانى تورکیا و باکوری کوردستان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى شارەوانى شارو شارۆچکەکان، روو لە بنکەکانى دەنگدان دەکەن و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش ڕێوشوێنی ئەمنی توندی گرتووەتەبەر.

هەڵبژاردنی شارەوانی و خۆجێیەکانی تورکیا پێنج ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێن، لەم هەڵبژاردنەشدا 12 پارتی سیاسی رکابەری یەکتری دەکەن، کە ئەوانیش بریتین لە پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکپارتی"، پارتی یەکێتی گەورە، پارتی تورکیای سەربەخۆ "بەتەپە"، پارتی کۆماری گەل "جەهەپە"، پارتی دیموکرات، پارتی چەپرەوی دیموکرات، پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"، پارتی چاک، پارتی بزتنەوەی نەتەوەپەرست "مەهەپە"، پارتی سەعادەت، پارتی نیشتیمان و پارتی کۆمۆنیستی تورکیا.

لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا سەرۆک و ئەندامانی شارەوانییەکانی 30 گەورەشار، 51 ناوەندی پارێزگا، 922 شارۆچکە و دەیان هەزار گوند هەڵدەبژێردرێن؛ لە هەمان رۆژیشدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەندرێت.

بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 57 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەوەش 194 هەزار و 715 سندوقی دەنگدان ئامادەکراون.

دیارترین ئەو پارتانەى ململانێی بەدەستهێنانى زۆرترین شارەوانى دەکەن، پێکهاتوون لە سێ هاوپەیمانێتی کە ئەوانیش یەکەمیان مەهەپە ئەکەپە، دووەمیان جەهەپە ئی پارتی هەروەها سێیەمیشیان لەنێوان هەدەپە، و پارتە کوردییەکانی دیکەن.


AM:08:56:31/03/2019