ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە


بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی نیسان پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوەو خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بکات.

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لە بانگهێشتنامەیەکدا داوای لە پەرلەمانتاران کردووە ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ ئامادەبن بۆ کۆبونەوە.

لەکارنامەی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە، کە دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووم بۆ پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور، هەروەها خستنەڕوی راپۆرتی لیژنەی یاسایی بەپێی حوكمی ماددەكانی 87 و 89 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

لە کارنامەکەدا ئەوەش هاتوە، "بەپێی حوكمی برگە یەكەم و دووەم و سێیەم لە ماددەی 16 و برگەی سێیەم لە ماددەی 18 و ماددەكانی 47 و 48 و54 و 55 و 56 و برگەی یەكەم، لە ماددەی 88 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ـ عیراق، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریدا دانیشتنی ژمارە 4ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی یەكەم لە خولــی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت".

پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن پارتی و گۆڕان و پێکهاتەکانی ناو پەرلەمانی کوردستانەوە پێشکەشکراوە، کە ژمارەیان 68 پەرلەمانتارە، بەڵام تا ئێستا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی، نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی لەگەڵ پڕۆژەیاساکەدا نین.



AM:09:27:02/04/2019