لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانەوە زانیاری ئاشكرادەكرێت

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دوایین زانیاری لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایان، ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت "ئەولەویەت بۆ گرێبەست و وانەبێژەكانە".

ئەحمەد سابیر، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاندووە، بە مووچەی مانگانەی 400 و 500 هەزار دینار گرێبەست بۆ شەش هەزار مامۆستا كراوە و وەزارەتی پەروەردەش پێویستیی بە 11 هەزار مامۆستای دیكەیە.

ئەحمەد سابیر هەروەها رایگەیاندووە، كە هیوایان هەیە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك مامۆستا دابمەزرێن و ئەولەویەتی دامەزراندنی بۆ ئەو مامۆستایانە دەبێ، كە بە گرێبەست یان بە خۆبەخش وانە دەڵێنەوە.

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، ئاماژەی بە رێنماییەكی نوێی وەزارەتی پەروەردە كردووە، كە بریتییە لەوەی "دەبێ مامۆستایانی دامەزراو، كە دوو دەوام دەكەن، دەرفەت بە دەرچووانی تازە بدەن و ئەوەش هەنگاوێكی باشە و دەرفەت بۆ ئەوانی تر زیاد دەكات".



AM:11:12:04/04/2019