ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنێک بە موچەخۆران دەدات

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بەڵێنێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی قەرزەکانی سەر مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجومەنی وەزیران لەمبارەیەوە گفتوگۆیان کردووە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی پێشینەی خانووبەرە، پێشینەی هاوسەرگیری و قەرزی بچووک، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا یاداشتێکیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوە و دواتر لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجومەنی وەزیران لەمبارەیەوە گفتوگۆیان کردووە.

ڕوونیشی کردووەتەوە کە مووچەخۆران و هاووڵاتییان توانای ئەوەیان نییە، قەرزی چەند ساڵی ڕابردوو پێکەوە بدەنەوە، بۆیە "بەرپرسانی ئەنجومەنی وەزیران بەڵێنی ئەوەیان پێداین کە کاری جددی بکەن، تاوەکوو دۆخەکە وەک پێشتر بێت.

جەختیشی کردووەتەوە کە هەوڵەکە بۆ ئەوەیە پێش قەیرانی دارایی چۆن ئەو قەرزانە وەرگیراونەتەوە، هەر ساڵێک قەرزی ئەو ساڵە وەربگیرێتەوە و هیچ سووێکی نەخرێتە سەر. نموونەشی بەوە هێناوەتەوە کە قەرزی هاوسەرگیری پێشتر شەش مانگ جارێک بووە، ئێستاش هەوڵ دەدرێت هەمان شت بکرێت.




PM:03:34:09/04/2019