ئه‌مڕۆ 14 ى نیسانى 2019، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌بۆنه‌ى ساڵیادى تاوانى ئه‌نفاله‌وه په‌یامێكى ئاڕاسته‌ى گه‌لى كورد كرد و بە "تاوانێكی وه‌حشیانه" ناوی دەبات.
ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه له میانه‌ى به‌ڕێوه‌چوونى رێوڕه‌سمى 31 ه‌مین ساڵیادى تاوانى ئه‌نفال له قه‌زاى كه‌لار، په‌یامى عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق خوێندرایه‌وه كه تیایدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه "ئه‌نفال تاوانێكی وه‌حشیانه بوو كه سه‌دام حسێن دژی گه‌لی كورد كردوویه‌تی و 182 هه‌زار كه‌سی بێتاوانی ئه‌نفال كرد و به هه‌زاران كه‌سیشی له زێدی خۆیان ئاواره كرد".
ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، یادی قوربانیانی ئه‌نفال له دڵیاندایه و ده‌زانن كه برینی ئه‌نفال چه‌ند به ژان و قورس و به ئازاره و له‌گه‌ڵ خوشك و برا كورده‌كان هاوسۆزن و ده‌زانن كارێكی وه‌حشیانه بووه و قورسایی ئه‌و تاوانه ئه‌وه‌نده زۆره كه به هیچ وشه‌یه‌ك ده‌رنابڕدرێت.
سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق جه‌ختیكردووه‌ته‌وه له پێویستى خستنه‌گه‌ڕى هه‌وڵه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ى گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی رووفاتی ئه‌نفالكراوان بۆ زێدی خۆیان و خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری شه‌هیدان.