ئینستاگرامی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران داخرا

ڕۆژنامەی "شەرق"ی ئێران بڵاویکردەوە، ئەکاونتی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە لەلایەن تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامەوە داخراوە.

داخستنی ئەکاونتی ناوبراو دوای یەک ڕۆژ لە داخرانی پێگەی تایبەتیی چەندان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لەلایەن تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامەوە هاتووەتە ئاراوە.

ڕێکەوتی 8ی ئەم مانگە ئەمریکا بە فەرمی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستە ناو لیستەی "گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکان"ەوە و هاوکات ڕۆژی دووشەممە 2019.4.15 بە فەرمی ئەو بڕیارە تۆمار کرا و دوای یەکلابوونەوەی ئەو بڕیارەش بە فەرمی پێگەی تایبەتیی محەمەدعەلی جەعەفەری، فەرماندی گشتیی سوپای پاسداران و قاسم سولێمانی فەرماندەی "فەیلەقی قودس"ی سەر بە سوپا لە ئینستاگرام سڕانەوە.

هاوکات  تاکوو ئێستا پێگەی تایبەتیی فەرماندەکانی ئێستا و ڕابردووی سوپای پاسداران وەک "محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەوینیی سوپا، محەمەدباقر قالیباف فەرماندەی پێشووی سوپا و ئەندامی ئێستای کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، سەعید قاسمی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و کەمال هادیان‌فەر، سەرۆکی پۆلیسی هێزە چەکدارەکانی ئێران" بلۆک کراون و ئینستاگرام بەپێی یاسا و رێساکانی خۆی هەر هێز و ڕێکخراوێک بخرێتە لیستەی تیرۆرەوە ئەندامەکانی ئەو گرووپە لەو تۆڕە دەسرێتەوە و ئەکاونتەکانیان دادەخات.

ئەم هەڵوێستەی ئیسنتاگرام لە ناوخۆی ئێران و بەتایبەت لەلایەن فەرماندەکانی سوپا و وەزیری پەیوەندی و تەکنۆلۆژیای ئێرانەوە کاردانەوەی توندی لێ کەوتووتەوە.



PM:03:48:17/04/2019