ماکرۆن پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دوپاتکردەوە

ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پێشوازی لە شاندێکی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دووپاتکردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی کۆماریی فەڕەنسا، ئەمڕۆ هەینی ئیمانیۆل ماکرۆن لە پێشوازیی شاندەکەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان پشتیوانیی بەردەوامی کرداریی فەڕەنسای دووپاتکردوەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش "کە تا ئێستاش هەڕەشەکانی بۆ ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەردەوامن".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە "پاریس هاوکاریی دارایی پێشکەش دەکات بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان و پاڵپشیکردنی سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوڵاتییە مەدەنییەکانی سوریا".

هاوکات هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا لەدوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماکرۆن جەختیکردوەتەوە لە پێویستیی پاڵپشتی دارایی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.



PM:07:14:19/04/2019