سیاسەتمەدار و نیشتمانپەروەری کورد "وەکیل موستەفایێڤ" لە تەمەنی 79 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەلجیکا کۆچی دوایی کرد.
رۆژی هەینی ١٩ی نیسانی ٢٠١٩، سیاسەتمەدار و نیشتمانپەروەری کورد " وەکیل مستەفایێڤ" کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کوردانی قەفقازیا هەبووە بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ەکیل موستەفایێڤ کێیە؟
وەکیل مستەفایێڤ لە ساڵی 1938 لە ئۆزبەکستان لەناو خیزانێکی پەنابەری کورد لەدایک بووە و بنەماڵەکەی لە قەفقازیاوە لەبەر سیاسەتی دژایەتیی ستالین و پانتورکەکانی ئازەربایجان بەرەو ئاسیای ناوەڕاست کۆچیان کردووە. لە ساڵی 1967 بەشی یاسای زنکۆی قیرغستانی تەواو کردووە و پاش کۆتایی خوێندن دەبێتە جێگری ئاسایشی ئەو شارە و دواتر دەبێتە دادوەری شار.
وەکیل مستەفایێڤ ئەو کاتانەی لە یەکێتیی سۆڤیەت لە وەزارەتی پۆلیسی قیرغستان، ئازەربایجان و ئۆزبەکستان، ئەرک و بەرپرسیارێتیی گرنگی پێ سپێردراوە و لە ساڵی 1980و بەرپرسی لقی تاوانی وەزارەتی ناوخۆی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی "قاراقالپاکی" بووە و چەندان پۆست و پلەی دیکەی لە ئەستۆ بووە.
لە ساڵی 1988 لەناو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لەبارەی پرسی کورد گرفت و ئاستەنگ دێتە پێش، لە ناوچەکانی ئۆزبەکستان، قێرگیستان، ئەرمینیا زەخت و گوشاری نەتەوەپەرستەکان دەست پێ دەکەن، بۆیە وەکیل مستەفایێف، لەگەڵ هاوڕێکانی ڕێکخستنی "یەکبوون" دادەمەزرێنن و دەبێتە جێگری ئەو ڕێکخستنە و ئامانجیان سەرلەنەوێ بنیاتنانەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی (خودموختاری)ی کوردستانی سووور بووە.
وەکیل مستەفایێف، پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت وەک پەنابەر ڕووی کردە ئەورووپا و دەستی بە نووسین کرد و کتێبێکی بەناوی "کوردستانی قەفقازیا" نووسیوە و هاوکات سەدان وتاری دیرۆکی و سیاسیی نووسیوە، هەروەها کەسێکی وڵاتپارێزی ڕەسەن و مرۆڤێکی خاوەن پرەنسیپ بوو هەتا دوایین کاتی ژیانی درێژەی بە تیکۆشانی خوەی لەڕێگەی کورد و کوردستاندا و میراتێکی مەزنی لەدوای خۆی بەجێ هێشتووە و لە ژیانیدا چەندان جار خەڵات کراوە.