"ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا ئاگاداری دەركردنی بەیاننامەكەی دوێنێی نەوەی نوێ نین"

ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕەتیدەكاتەوە ئەو بەیاننامەی بەناوی ئەنجومەنەكەوە بڵاوكراوەتەوە ڕای تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنەكە بێت و دەڵێت "ئاگاداری ئەو بەیاننامەیە نیم".

د. حەمە رەئوف، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بەو بەیاننامەیەی دوێنێ ئەنجومەنەكە بە هاوبەشی لەگەڵ فراكسیۆنەكە بڵاویانكردەوە و تیایدا رەخنە لە جوڵەنەوەكەیان دەگرن ئاماژە بەوەدەكەن، كە "جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە" دەڵێت "ئەو بەیاننامەیە گوزارشت لە ڕای من و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنەكە ناكات و ئاگاداری نین".

د. حەمە رەئوف لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "سپی" وتی "ئەو بەیاننامەیە كە بەناوی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ نوسراوە من وەك خۆم و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنەكە ئاگاداری نین".

ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە 13 كەس پێكدێت و دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بەناوی ئەنجومەنەكەوە بڵاوكرایەوە ڕایانگەیاند "ئێمە نیگەرانین، كە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، كە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و  بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە، جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت".

بڵاوكردنەوەی ئەو بەیاننامەیە لەكاتێكدایە شاسوار عەبدولواحید لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵاتە و لە نوسینێدا كە وا دەردەكەوێت وەڵامی بەیاننامەكەیە دەڵێت "متمانەمان پێ كردن و وەك هاوڕێیەكی دڵسۆز لەگەڵیان بووین و باسی خەونی گەورەمان بۆ دەكردن، بەڵام بە داخەوە كە لەم رۆژگارەدا تەنها بە هۆی پارە و پۆستەوە هاوڕێی راستەقینەت بۆ دەردەكەوێت".



PM:01:23:22/04/2019