ئاسایشی سلێمانی: لە هەرێمەوە تلیاك بۆ كەنەدا نێردراوە

بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لەناو دۆشەكدا تلیاك دەستی بەسەرداگیراوە ویستراوە بنێردرێتە دەرەوەی هەرێم و پێشتریش چەند جارێك ڕوویداوە.

جەلال ئەمین بەگ، بەرێوبەری بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی هۆبەی ماددە هۆشبەرەكانی ئاسایشی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەكرد، نزیكەی سێ كیلۆ و نیو ماددەی هۆشبەر لە جۆری "تلیاك" لە ناو دۆشەكی منداڵاندا دەستیبەسەردا گیراوە و تۆمەتبارەكە ویستویەتی بیباتە دەرەوەی هەرێم.

روونیشیكردەوە، توانراوە بە هەماهەنگی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارەكە دەستگیربكەن و دانی بەوەدا ناوە چەند جارێك ماددەی هۆشبەری لە هەولێرەوە رەوانەی كەنەدا كردووە، راشیگەیاند: تۆمەتبارەكە بە ڕەگەز عێراقییە و ساڵانی ڕابردوو لە ئێران ژیاوە و ماوەی نۆ ساڵە گەڕاوەتەوە هەرێم و لە هەولێر نیشتەجێبووە و پێشتریش تۆمەتبارێكی دیكەیان دەستگیركردووە كە زیاتر لە ٢٠جار ماددەی هۆشبەری ناردووەتە وڵاتانی ئەوروپا.

جەلال ئەمین بەگ باسی لەوەشكرد، لەمساڵدا زیاتر لە ٥٠ كەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون.

پێشتریش ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندبوو، خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن بازرگانەكانەوە بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە نێوان وڵاتاندا بەكاردەهێنرێت.



PM:01:39:28/04/2019