شیعەکانی عێراق و ئێران رۆژی سێشەممەیان کردە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان

عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکان رۆژی سێشەممەی وەک یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردوەتەوە، نووسینگەی ئایەتووڵڵا عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکان رایگەیاندوە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە مانگ لە عێراق و ناوچەکانی دەورووبەری نەبینراوە، بۆیە رۆژی دووشەممە دوایین رۆژی مانگی شەعبانە ورۆژی  سێشەممە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە. 

لە بەیاننامەیەکی دیکەدا نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی سێشەممەی وەک یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد.

ئەمەش لەکاتێکدایە  بەهۆی بینینی مانگەوە هەریەک لە هەرێمی کوردستان، دیوانی وەقفی سوننی عێراق، سعودیە، قەتەر، کوەیت، یەمەن، لوبنان، لیبیا و زۆربەی وڵاتی دیکەی ئیسلامی رۆژی دووشەممەیان وەک یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکردووە.



AM:12:10:06/05/2019