زانیاری نوێ لەسەر چۆنێتی ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا ئاشکرا دەبێت


ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، عەبدولرەزاق شەرف ئاشکرای دەکات کە  "رێکخەری گشتی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو بزووتنەوەیە ویستویانە لە کاتی ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفادا، بەشەو بە تەیارەیەک کە ماڵی مام جەلال حازریانکردوە درەنگانێک ببیبەنەوە بۆ گردەکە، لە ئیسعافێکی سەلاجە دایدەنێین، خۆرکەوت بە دزییەوە بینێژن". 

عەبدولرەزاق شەریف ئەندامی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەشی دووەمی نووسینەکەیەدا " ئیتر قسە دەکەم " نووسیوویەتی عومەری سەید عەلی رێکخەری ئێستای بزووتنەوەی گۆران وتوویەتی" لەگەڵ برادەران، دۆستەکانمان هەموشتێکمان حازرکردوە، ئەم شەو بە تەیارەیەک کە ماڵی مام جەلال حازریانکردوە درەنگانێک تەرمی کاک نەوشیروان ئەیهێنینەوە بۆ گردەکە، لە ئیسعافێکی سەلاجە دایدەنێین، خۆرکەوت بە دزییەوە ئەینێژین، دواتریش تۆ لە میدیاوە رێنمایی بڵاوبکەوە با سەعات ١٠ی بەیانی خەڵک بێن بۆسەر قەبرەکەی".

هەروەها ئەو ئەندامەی پێشووی جڤاتی نیشتمانی کە ئەو دەمە بەرپرسی میدیای گۆڕان بووە، ئەو رووداوە دەگێڕێتەوەو، دەڵێت " من بڕیاری بەدزیەوە ناشتنی کاک نەوشیروانم پێ هەڵوەشاندنەوەو جەختم لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت لەسەرشانی هاوڵاتیان لە نەخۆشخانەوە بگوێزرێتەوە بۆ شوێنی ناشتنی". 

عەبدولەرەزاق شەریف هەفتەی رابردوو بەبڕیاری خانەی راپەڕاندن لە بزووتنەوەی گۆڕان دەرکرا بۆ تۆمەتی دزەپێکردنی زانیاری بۆ میدیاکان، هەرچەندە ئەو ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوەو بەم وتارە کە چەند بەشێکە وەڵامی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە دەداتەوە.




PM:09:12:06/05/2019