هاوسەری کاوە گەرمیانی: دەنگم بە چەند بڕگەیەکی پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم نەداوە

شیرین ئەمین، پەرلەمانتارێکی گۆڕان و هاوسەری شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی ڕایگەیاند دەنگی بە کۆی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم داوە، بەڵام دەڵێت دەنگم بە چەند برگەیەک نەداوە.

شیرین ئەمین لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندووە، "سەرەڕای ئەوەی حزبەکەی من پرۆتۆکۆڵی لەگەڵ پارتی کردووە و دیارە لەتەوافقی سیاسیشدا سەد لەسەد ئامانجی تۆ جێگیر نابێت بەڵام دەبێت پابەند بیت بەو ڕێکەوتنەوە و لەسەرووی ئەمەوە ئەم پێشنیازی یاسایە گۆڕان خۆی بەخاوەندارێتێ دەزانێت سەڕەڕای بوونی چەند تێبینی و سەرنجێک بەڵام دواجار سیستەمی پەرلەمانی جێگیرکرا".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە "سەرەڕای ئەمەش ئەو بڕگانەی پێم پەسەند نەبووە من دەنگم پێ نەداوە لەنێویاندا کە سەرۆک دوو جێگری ھەبێت ، وە سەرۆک بێ بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت بەڵام کەسانێکی نامەنتیق و لۆژیک بێ ھیچ بنەمایەک منیان خستووەتە بەر لێشاوی ڕەخنە کە من دەنگم بەو بڕگەیە داوە کە سەرۆکێکی بێ بڕوانامە ھەبێت".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت "دەنگم بەو خاڵە داوە کە دەڵێت پێویستە سەرۆکی ھەرێم دەستبەرداری کاروباری حزبی بێت تاکۆتایی ھاتنی ویلایەتەکەی".

دوێنێ یاسای کاراکردنەوەى دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم لە پەرلەمان پەسەندکرا و  یەکێک لە بەندەکانی ئەو یاسایە دەڵێت سەرۆکی هەرێم پێویستى بە بڕوانامە نییە.


AM:08:50:09/05/2019