جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ  لەبارەی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید رایدەگەیەنێت، راگرتنی سەرۆکی جوڵانەوەکە درێژەی ئەو ھێرشە نارەوایەیە کە یەکێتی بەمەبەستی لاوازکردنی نەوەی نوێ دەستی پێکردوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست سپی کەوتووە تیایدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشكردوە، "ئەم سیناریۆیە تێدەپەرێنێت و لەجاران بەھێزتر بەردەوام دەبێت لە دژایەتی گەندەڵی و بەرگریکردن لەمافەکانی خەڵک و سەروەرکردنی یاسا".

دەقی راگەیەندراوەكەیە:

راگەیەندراوێک لەجوڵانەوەی نەوەی نوێ-وە

وەک رێزگرتنی بەردەوامی لەیاسا، ئەمرۆ بەرێز (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چووە بەردەم دادگاو پاش وەرگرتنی وتەکانی لەلایەن دادوەری ئاسایشەوە، ھێزێکی سەر بەئاسایشی یەکێتی بەرەو شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێی وایە، راگرتنی سەرۆکی جوڵانەوەکە درێژەی ئەو ھێرشە نارەوایەیە کە یەکێتی بەمەبەستی لاوازکردنی نەوەی نوێ دەستی پێکردوەو، چەندین دامەزراوەی ئەمنی و حکومی لەخزمەتی ھێرشەکەیدا بەکاردەھێنێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت کە ئەم سیناریۆ بێبەھایە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی سیاسیە و ئامانج لێی کپکردنی ھەموو دەنگێکی ئازاو بوێرە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو پیلان و گەمە ناشرینانەی ئەوانەوە، ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەم سیناریۆیەش تێدەپەرێنێت و لەجاران بەھێزتر بەردەوام دەبێت لە دژایەتی گەندەڵی و بەرگری کردن لەمافەکانی خەڵک و سەروەرکردنی یاسا.

داواش دەکەین دادگاو یاساناس و دادوەرە بەرێزەکان رۆڵی خۆیان ببین و رێگەنەدەن دادگاکان لەململانێ سیاسیەکاندا بەکاربھێنرێن.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ
١٦-٥-٢٠١٩


PM:06:48:16/05/2019