وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی حوكمەتە نوێیەكە نادیارە

سەرەڕای ڕێكەوتنی لایەنەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم، بەڵام تاوەكو ئێستا وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان دیاری نەكراوە.

حەوت مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دوای كێشمەكێشمێكی زۆر دواجار سێ لایەنی سەرەكی پارتی و یەكێتی و گۆڕان ڕێككەوتن لەسەر دابەشكاری پۆستەكان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

سەرەڕای ڕێككەوتنیشیان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ سەرۆكی هەرێم كە نێچیرڤان بارزانیە و كاندیدی سەرۆكی حكومەت كە مەسرور بارزانیە، بەڵام تا ئێستا وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە.

بۆ زانیاری زیاتر و زانینی هۆكاری ئەو دواكەوتنە زۆرەی كە لە پرۆسەكەدایە "سپی" پەیوەندی كرد بە چەند پەرلەمانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام بە بیانوی جۆرا و جۆر ئامادەنەبون لەسەر ئەو پرسە بدوێن و وەڵامی پرسیارەكانی "سپی میدیا" بدەنەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ یەكشەممە ١٩ ی ئایار سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ناوی پێنج كاندیدی راگەیاند كە كێبركێ دەكەن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوانیش (نێچیرڤان بارزانی، ئومێد عەبدولسەلام قادر، محەممەد حەمەساڵح قادر، رێبوار عەزیز مستەفا، هیوا عەبدوڵڵا خدر)، بەبێ ئەوەی كاتی دەنگدانەكە دیاری بكات.




PM:04:11:19/05/2019