سپی زانیاری نوێ لەسەر دەستگیرکردنەکەی د. نەجمەدین کەریم بلآودەکاتەوە

ئازادکردنی د. نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک لەژێر فشاری سیاسیدا بووەو بۆ چەند رۆژێک لە بەیروت دەمێنێتەوەو دواتر دەهێنرێتەوە بۆ عێراق.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەمڕۆ کە د. نەجمەدین کەریم ئازاد کراوە، دوای دەستبەسەردا گرتنی پاسپۆرتەکەی بووە لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوولەوە.

سپی، لەسەرچاوەیەکی باوڕپێکراوەوە زانیوویەتی کە ئازادکردنی د. نەجمەدین کەریم بەهۆی پەیوەندی و فشارەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتییەوە بووە لەگەڵ بەرپرسانی بەغداو ناوەندە سیاسیەکانی لوبنان.

سەبارەت بەمانەوەی د. نەجمەدین کەریم لە لوبنان،" سپی " زانیوویەتی ناوبراو سەفەری لێ قەدەغەکراوەو دەبێت لە ولآتی لوبنان بمێنێتەوە، تا وەفدێک لە بەغداوە دەچنە ئەو ولآتەو وەریدەگرنەوە.

فشاری سیاسی پارتی بۆسەر بەرپرسانی بەغدا بەردەوامە بەمەبەستی ئازادکردنی تەواوەتی د. نەجمەدین کەریم، بەلآم تا ئێستا نەزانراوە کە هێناوەی بۆ عێڕاق بۆ ئامادەکردنی دەبێت لەبەردەم دادگا، یان بۆ ئازادکردنی دەبێت، جۆری فشارەکان و ملدانی دەسەلآتدارانی بەغدا بۆ داواکانی بەرپرسانی پارتی، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چارەنووسی د. نەجمەدین دیاری دەکات.

د. نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکوک زیاتر لە ٤٠ دۆسیەی گەندەڵی لەسەرەو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە پارێزگاری کەرکوک بووە، هەروەها لەسەر هەڵکردنی ئالآی کوردستان لەو شارەش سکالآی یاسایی لەسەرە، هەموو ئەو سکالآیانە پێش سەردەمی کابینەی د. عادل عەبدولمەهدیە.  



PM:10:58:22/05/2019