" ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لەبەغداوە بەردەوام دەبێت "

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت.

دوای كۆبوونەوەی نێوان پەرلەمانتارە كوردەكان لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی سەرۆكی حكومەت،جوان ئیحسان ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەر بەیەكێتی بە میدیاکانی حیزبەکەی ڕایگەیاندووە"عادل عەبدولمەهدی دڵنیایی داوە پێمان كە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بۆ كوردستان".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵیت "داوامان لە عادل عەبدولمەھدی كردووە كە بودجە بخاتە ئەودیو كێشەی نێوان هەرێم و ناوەند و ئەو بڕەی دیاریكراوە وەك لە یاسای بودجەی ساڵی‌ 2019ی عیراق ھاتووە، بەردەوام بێت".

ناوبەناو بەرپرسانی عێراق لەسەر ناردنی پشکی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، لێدوانی دژی ئەو پرۆسەیە دەدەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە لە کاتێکدا کە بەغدا مانگانە بڕی ٥٢٢ ملیار دینار دەنێرێت بۆ عێراق، بەڵام هەرێم هیچ پابەند نەبووە بەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ کە داوا دەکات دەبێت هەرێم مانگانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە رادەستی بەغدا بکات.




PM:08:13:23/05/2019