ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەبۆنەی نزیک بوونەوەی یادی ساڵڕۆژی دامەزراندانی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئارێز عەبدوڵائەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕێگەی پەیامێکەوە ڕایگەیاند"یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتی نزیک بۆتەوە و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە تەواوی کادیر و ئەندام و لایەنگر و سەرکردەکانی یەکێتی دەکەم. سەروەری و قوربانیەکانی یەکێتی لە پێناوی گەلی کوردستان هێندە گەورە و زۆرن هیچ هێزێکی تر ناتوانێ نازی بەسەردا بکا، ئەوە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە".
وتیشی" ئەوەی من مەبەستمە قسە کردنە لەسەر ناسنامەی یەکێتی. دیارە هەلومەرجە گۆڕاوەکان و چەق بەستوویی ناوخۆیی ناسنامەی یەکێتیان بە جۆرێک شێواندووە کە بە ئاسانی پێناسە نەکرێ کە ئەوەش قەیرانە سەرەکیەکەیەتی".
جەختیشیکردەوە، لە پێناوی بەردەوامبوون و درێژەدان بە ڕیبازی یەکێتی دوو ئاراستەی زۆر جیاواز هەن، هەرچەندە ئاراستەکان ڕانەگەیاندراون و هەمووان لە ژێر درووشمی یەکێتی بوونەوە ئەسپی خۆمان تاودەدەین، بەڵام ئاشکرایە ئەسپێک بە ئاراستەی نەهێشتن یاخوود کاڵکردنەوەی تایبەتمەندی و بەرژەوەندیە تایبەتیەکان هەنگاو دەنێ و ئەسپێکیش بە ئاراستەی سەرلەنوێ داڕشتنەوە و ڕاستەڕێکردنەوەی بە هەموو تایبەتمەندیەکانیەوە دەڕوا، هەرچەندە ئاراستەی دووەم زۆر گەورە و بنکە فراوانە، بەڵام نایشارمەوە کە تۆزی ئاراستەی یەکەم بەرچاوی ئاراستەی دووەمی لێل کردووە و لە پێشرەویدا دوای خستووە.