پەرلەمانتارێکی یەکێتی: پەیوەستین بە بڕیاری حزبەکەمان

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە بەڕێوە بچێت، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت "ئێمە پەیوەستین بە بڕیاری حزبەکەمان".

جەبار حەوێز، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند"بڕیارە سێشەممە کۆبونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێردرێت".

سەبارەت بە دەنگدانی پەرلەمانتارانی یەکێتی بە کاندیدەکەی پارتی جەبار حەوێز ئەوەی خستەڕوو "ئێمە پەیوەستین بە بڕیاری مەکتەب سیاسی خۆمان و تائێستاش وا  بڕیار نییە دەنگ نەدەین بە کاندیدەکەی پارتی، چونکە ئیتیفاقمان لەگەڵ پارتی هەیە".

لەبارەی ڕەوشی کەرکوکەوە ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد "یەکێتی ئیتیفاقی لەگەڵ پارتی هەیە، وا بڕیارە لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بڕیار لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکوک بدرێت، بەپێی ڕێککەوتنەکەشمان پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتیە نەک کەسی بێلایەن".

ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی ‌هەشت مانگ زیاتر تێپەڕیوە بەسەر ‌هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا و بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ٢٨/٥/٢٠١٩ کۆبونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت.


PM:05:03:26/05/2019