چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەرکرا

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ھەولێر رایگەیاند پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکرێت و مەرجی رێژەی 70% ی کەمئەندامی بۆ موچەخۆران لادەبرێت.

یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ھەولێر رایگەیاند" بۆ سوودمەندبوون لە ھاوکاری دارایی، پێداچونەوەیان بە رێنماییەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردووەو لەو بارەیەوە چەند بڕیارێک دەرکرا.

وتیشی" یەکێک لەو بڕیارە گرنگانەی درکراوە نەھێشتنی مەرجی ڕێژەی 70% ی کەمئەندامیە بۆ موچەخۆرانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و، هەروەها 
یەکێکی تر لە بڕیارەکانیش کەمکردنەوەی ڕێژەی کەمئەندامی بیرکۆڵ بۆ 60% و ئیفلیجی مێشک بۆ 65% و ھێشتنەوەی رێژەکە لە بوارەکانی تر وەک خۆی.

سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی بەخێوکردنیش بڕیاردراوە، کە رێژەی کەمئەندامی 100% بۆ 85% کەمبکرێتەوە ،ھەروەھا ئەو رێژەیە بۆ 80% لە بوارەکانی ئۆتیزم و داون و بیرکۆڵ و شیزۆفرینا و ئیفلیجی مێشک کەم بکرێتەوە.

 بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ھەولێر ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاردراوە گۆڕانکاری لە مەرجی تەمەنی منداڵ لە 12 ساڵیەوە بۆ 6 ساڵی کەمبکرێتەوە ،لەو تەمەنە تەنیا دایک بۆی ھەیە خۆی بۆ بەخێوکردنی منداڵ تەرخان بکات.




PM:02:15:14/06/2019