جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات ئەگەر زۆرە لە ئایندەدا رێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان بەغدا و هەولێر ئەنجام بدرێت.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند "بێگومان پاش پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دانیشتنێک لە نێوان شاندی ھەرێم و شاندی بەغدا دەبێت".
ڕوونی کردەوە کە لە ڕۆژانی داھاتوودا لەسەر ھەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەتایبەتی مەلەفی ئابووری بە شێوەیەکی گشتی بوودجە، نەوت، خاڵە سنوورییەکان، بودجەی سیادی، بودجەی حاکیمە، قەرزە پێشووەکان و قەرزی ماوە گفتوگۆی چڕوپڕ دەست پێ دەکات و ھەموویان دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ".
دکتۆر بەشیر حەداد لە ماڵپەڕی باسی نەشاردۆتەوە کە" ئەمجارە ئومێد ھەیە نەک ھەر ڕێککەوتنی سیاسی بکرێت و ساڵی جارێ لە کاتی بوودجەدا تووشی گرفت ببین، بەڵکوو ڕێککەوتنی درێژخایەن ئەنجام بدرێت".
ئەوەشی خستە ڕوو: "شاندەکە دانوستانکاری حکوومەتن، بۆیە پاش پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەبێ شاندێکی ھەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق دابنیشێت و حکوومەتی نوێی ھەرێم بەلای بەغداوە زۆر گرنگە و ئەو ئامادەبوونە دیارەی بەغدا لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم نیشانەی ئەوەیە بەغدا گرنگییەکی زۆر بەو گۆڕانکارییانە دەدات و ئومێد بە ھەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێم دەخوازێت".