" کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی شکستی هێنا "

ئەمڕۆ ٢٦ ی حوزەیران لە هەولێر بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ ئەنجامێک مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە .

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتوون یەکێتی و پارتی لەسەر دۆخی کەرکوک و دانانی پارێزگارێکی یەکێتی بۆ ئەو شارە رێکنەکەوتوون.

هەرچەندە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی راگەیاند" کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن"، بەلآم بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتوون کۆبوونەوەکە شکستی خواردووەو، ئێستا بڕیار لەلای پارتی و بەتایبەتی لەلای خودی مەسعود بارزانی یە.

بەپێی ئەو زانیاریانە هەرچەندە لە نێوان وەفدی هەردوولادا جۆرە لێکتێگەیشتنێک هەبووە کە کاتی پێشکەشکردنی ناوەکان لەلایەن مەسرور بارزانی کاندیدی راسپێردراوە دوا بکەوێت، بەلآم تا ئیستا ئەو پرسە بە هەڵپسێردراوی ماوەو دوا بڕیار لەلای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە ئایا پارتی متمانەدان بە  کابیەنی نوێ لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدات، یان بۆ کاتێکی دی دوای دەخەن تا لەگەڵ یەکێتی رێکدەکەون.

لە ٢٨ ی ئایار لە کاتی دەنگدان بۆ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد، بەلآم لە ١٠ ی حوزەیران یەکێتی بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی کرد، تا کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پارتی مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی تا کۆتایی ئەم مانگە ئەگەر یەکێتیش سیڤی ناوی پشکی ئەو پۆستانەی بەری دەکەوێت ئاراستەی مەسرور بارزانی نەکات، ئەوا ئەو هەنگاوە دەنێن و پۆستەکانی یەکێتی بە چۆڵی دەهێڵنەوە، ئەمڕۆ دوای شکستی کۆبوونەوەکە، ئێستا دوا بڕیار لەلای مەسعود بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی یە.



PM:08:43:26/06/2019