داوا دەکرێت هێزی پێمشەرگە بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراقەوە


 فراکسیۆنەکەی حەیدەر عەبادی داوا دەکات هێزی پێشمەرگەش بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراقەوە. 

هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "کابینەی پێشوو لەڕێگەی لیژنەکی تایبەتمەندەوە بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لە 7/3/2018دا فەرمانی دیوانی ژمارە 57ی دەرکرد لەبارەی چۆنییەتی رێکخستنی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی پەیکەری دەوڵەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لە ماوەی حکومەتی رابردوودا دەستکرا بە جێبەجێکردنی ئەو رێکخستن و پەیڕەوە و جیاکردنەوەی لایەنی سیاسی لە دامەزراوەی حەشدی شەعبی دا".

فراکسیۆنەی عەبادی لەو راگەیاندنەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هاوپەیمانی نەسر پشتیوانی لە رێوشوێنەکانی عادل عەبدولمەهدی دەکات و داواشدەکات بەهەمان شێوە فەرمان و رێنمایی دەربکات بۆ رێکخستنی دامەزراوەی پێشمەرگە و بوونی هەموو هێزێکی سەربازی و نیمچە سەربازی دیکە.

لەراگەیاندراوەکەدا هاوپەیمانی نەسر جەختدەکاتەوە، یەکێتی و سەقامگیری وڵات پێویستی بە یەک هێزی هەیە و یەک دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەیە، هەڵاوێردنی هەر هێزێک لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو رێکخستنە و کۆنترۆڵ و ئاراستەی حکومی، دەبێتە هۆی رەخساندنی زەمینەی دابەشبوونی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و لەدەستدانی شکۆ و سەروەرییەکەی. 


ئه‌م بابه‌ته ‌1136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:58:02/07/2019