پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو هاککەری ڕاگەیاند


پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو هاککەری راگەیاند كە كاریان هاككردنی فەیسبوكی هاولاتیان بووە و داوای پارەی زۆریان لێكردوون. 

لەراگەیەنراویكدا كەوێنەیەكی بۆ "سپی" هاتووە پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندوە"پاش تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەلایەن ژمارەیەك ھاوڵاتییەوە كە فەیسبوكەكانیان لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە ھاككراوەو لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی داوای بڕە پارەیەك دەكەن، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردو توانییان ھاككەرەكە دەستگیر بكەن".

 پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ئاشکراکردووە "ھاككەرەكە لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە كەسێكی تری لەگەڵدا بووەو ھەردوكیان بەو كارە ھەستاون". پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە "لەئێستادا ھەردو تۆمەتبار بەبریاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٢ لەیاسای خراپ بەكارھینانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن راگیراون و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە".



PM:08:37:04/07/2019