ڕاگەیەندراوێک لە حکومەتی هەرێمەوە

حكومەتی هەرێم راگەیەندراوێك لەبارەی بۆردومانكردنی ناوچە سنوورییەكانی ناوخاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاودەكاتەوە و داوایەک ئاڕاستەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات.

لەو ڕاگەیەندراوەدا حکومەتی نوێی هەرێم رایدەگەیەنێت "هەرێمی كوردستان هەرگیز ‌ڕێگەنادات و بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكات‌ سنوورەكانی بۆ هێرش و تێكدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و كردەوەی نابەرپرسانە بەكار بهێنرێت، داواش لە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكەین بۆردومانكردن ڕابگرێت".

 دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌: 

دوێنێ سێشەممە 9l7l2019 لە ناوچه‌ی پیرانشاری سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر چەند ئەندامێکی سوپای پاسداران، له‌ به‌رامبه‌ردا کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوچە سنوورییەکانی ناوخاکی هەرێمی کوردستانی بۆردومان کرد. کە بەداخەوە بە هۆی بۆردوومانەکە لە یەک خانەوەدەدا هاووڵاتیەک شەهید و دووی دیکەش برینداربوون.  هه‌ردوو ڕووداوه‌كه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی و ناڕه‌زاییی ئێمه‌یه‌. 

دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ سه‌لماندوویه‌تی له‌ ناوچه‌كه‌دا فاكته‌ری سه‌قامگیرییه و ڕێز له‌ هاوسنووری و دراوسێیه‌تی ده‌گرێت‌، هه‌رگیز ‌ڕێگە نادات و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكات‌ سنووره‌كانی بۆ هێرش و تێكدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و كرده‌وه‌ی نابه‌رپرسانه‌ به‌كار بهێنرێت، داواش لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین بۆردومانكردنی ناوچه‌كە ڕابگرێت و نه‌بێته‌ هۆی دڵه‌ڕاوكێ و ده‌ربه‌ده‌ربوونی دانیشتووان.

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

10/7/2019


PM:06:04:10/07/2019