بەرپرسی مۆنیتەرینی نێچیرڤان بارزانی: حکومەتی هەرێم بۆی نییە چاودێری وردی ئەمنی دیپڵۆماتکاران بکات

حەسەن ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مۆنیتەرینی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای روداوی كوشتنی دیبلۆماتكارەكەی توركیا دەڵێت، بە پێچەوانەی تێگەیشتنی ساکارانەی میدیای کوردی حکومەتی هەرێم ناتوانێت و بۆی نییە چاودێری وردی ئەمنی دیپڵۆماتکاران بکات.

حەسەن ئەحمەد مستەفا لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی "خەڵکی هەرێمی کوردستان و میدیاکەی ئەزمونێکی زۆری لەگەڵ ئەم چەشنە ڕوداوانەی تیرۆری دیپلۆماتکاران لە وڵاتەکەیدا نییە، هەرچەندە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی جدیان گرتۆتەبەر بۆ دۆزینەوە تۆمەتباران". 

بەرپرسی مۆنیتەرینی نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت،"بە پێچەوانەی تێگەیشتنی ساکارانەی میدیای کوردی حکومەتی هەرێم ناتوانێت و بۆی نییە چاودێری وردی ئەمنی دیپڵۆماتکاران بکات، مەگەر دۆخێک پێشبینی بکرێت و دیپڵۆماتکار خۆی یان دامەزراوەکەی بەرەسمی داوای چاودێری ئەمنی لەو حکومەتە بکات کە بەرپرسیارە لە ئیدارەدانی وڵاتەکەو دیپڵۆماتکارەکان کاری تێدادەکەن".

لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا،حەسەن ئەحمەد مستەفا ئاماژەی بەوەشكردوە،"دیپڵۆماتکاران نوێنەرایەتی گەل و دەوڵەتەکەیان دەکەن و روخسارێکی زیاتر مەدەنیان هەیە، کاریان رێکخستنی کاروباری هاوڵاتیان و بزنس و فیزەیە، ناکرێت بڵێین ئەم ڕوداوە کاریگەری نابێت، بەڵام ئەمڕۆ هەردو لایەنی بزنس و دیپڵۆماسی دەتوانن لە ژینگەی ناکۆکییەکانیشدا بژین، کاردانەوەی حکومەتی تورکیاش ئاساییەو بەم چەشنە نییە کەبەشێک لە کوردی خۆخۆر دەخوازێ تورکیا کێوماڵی کوردستان بکات".

ئەم وتانەی بەرپرسی مۆنیتەرینی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، كە دوێنێ لە هێرشێکدا لە یەكێك لە ریستۆرانتەكانی شاری هەولێر دیبلۆماتكارێكی باڵیۆزخانەی توركیا لە هەرێمی كوردستان و دوو هاوڵاتی دیكە كوژران.


PM:05:53:18/07/2019