وادەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكراكرا

موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە ناوەڕاستی هەر مانگێك لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت ئەم مانگە دواكەوتووە و ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش كاتی ناردنەكەی ئاشكرادەكات.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە "سپی" ڕاگەیاند "ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی پێیان ڕاگەیاندم كە سبەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی موچە وتی "هۆكارەكەی بۆ كێشەی تەكنیكی دەگەڕێتەوە و تەنیا هەرێم نیە، بەڵكو موچەی چەند وەزارەتێكی شارەكانی دیكەی عێراقیش دواكەوتووە".

ناوەڕاستی هەر مانگێك بڕی 454 ملیار دینار لە بەغداوە وەك موچەی فەرمانبەران دەنێردرێت بۆ هەرێم، بەڵام ئەم مانگە ناردنی دواكەوتووە و بەو هۆیەشەوە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سستی پێوە دیارە، بەڵام پێشبینیدەكرێت بە گەشتنی پارەكەی بەغدا دابەشكردنی موچە خێراتر بەڕێوەبچێت.



PM:02:17:22/07/2019