پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردن لە کەرکووک ئاشکرادەکات

لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەکی لەبارەی هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای و قەزاو ناحییەکانی عێراق ‌بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت "کە هەر هەڵبژاردنێک لە پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت دەبێت بەپێی یاسا و دەستور بێت، ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، راپرسی لەوشارە ئەنجام بدرێت".

لە بەیاننامەکەی لقی 3ی پارتیدا هاتووە "پێکهاتەی کورد لە پارێزگای کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان ماف خوراو دەبن".

ئەوەش هاتووە "لە کاتێکدا بەهەزاران کورد ئاوارەبوونە لە پارێزگای کەرکووک، ئێمە دڵنیاین ئەم هەڵبژاردنە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەنێوان پێکهاتەکان بەتایبەت گەلی کورد لەسەر ئەم بنەمایە سەرنجمان هەبووە و هەربۆیەش فراکسیۆنی پارتیمان دەنگیان بۆ یاساکە نەدا، چونکە مافەکانی پێکهاتەی کورد و تورکمان دەخورێ و پەراوێز دەخرێ".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە "لەپاش ڕووداوەکانی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و ئەو خیانەتەی لە کەرکووک کرا بووە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە و بارودۆخێکی داسەپاوی سەربازی بەسەر شارەکەدا گرتووە و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسە رێژەی دەنگ و دەنگدەری کورد دەبێت، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین کە هەر هەڵبژاردنێک لە پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت دەبێت بەپێی یاسا و دەستور بێت، ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، راپرسی لەوشارە ئەنجام بدرێت".

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی 22ی ئەم مانگە هەمواری یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2018 کرد و بەپێی هەموارەکەش مانگی 4ی ساڵی 2020 دەبێت هەڵبژاردن لە پارێزگاکان ئەنجام بدرێ جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.


PM:06:17:24/07/2019