تاران هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەوروپا

وەزیری دەرەوەی ئێران وڵاتانی ئەوروپا ئاگادار دەكاتەوە و رایگەیاند، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا تاران لە سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا نەپارێزن، بەردەوامدەبن لە كەمكردنەوەی پابەندیەكانیان بە رێككەوتننامە ئەتۆمیەكەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانی لێدوانێكیدا رایگەیاند، "هەنگاوەكانی وڵاتانی ئەوروپا تا ئێستا لەگەڵ پەیمانەكانیاندا ناگونجێت و رێكاری ئینستیكس تا ئێستا كاری پێنەكراوە".

زەریف ئاماژەی بەوەشكرد، "پێویستە وڵاتانی ئەوروپا چیتر چاوەڕێی رەزامەندی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا نەكەن و دەستبەجێ لەسەر سیستمی بازرگانی و دارایی ئینستیكس كاربكەن".

وەزیری دەرەوەی ئێران دوپاتیشیكردەوە، گرنگە ئەو رێكارە بازرگانیە یە تەواوی كاریپێبكرێت و نەبێتە ئامڕازێك بۆ جێبەجێكردنی توندئاژۆییەكانی واشنتن، هاوكات پێویستە ئەو رێكارە داراییە ئەوروپیە فرۆشتنی نەوتی ئێرانیش بگرێتەوە، دەشڵێت "لە ئەگەری جێبەجێكردنی پابەندیەكان بە فرۆشتنی نەوتی ئێران و رادەستكردنی داهاتەكەی، ئەوكاتە دەتوانین لەم قۆناغەدا چاوپۆشی لە پەیمانەكانی دیەكە بكەین".

زەریف وتی، "ئەم مۆڵەتە دەبێتە كۆتا مۆڵەت بۆ وڵاتانی ئەورپی لەلایەن ئێرانەوە، تا بتوانن رێككەوتنە ئەتۆمیەكە رزگاربكەن.

هەروەها زەریف رونیكردەوە، "لە ئەگەری نەدانی گرەنتی بە بەرژەوەندیەكانی تاران لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەدا، ئێران پێدەنێتە قۆناغی سێیەم لە كەمكردنەوەی پابەندیەكانی بە رێككەوتنەكەوە، ئەگەر لە لایەن ئەوروپاوە هەنگاوی جددی نەبینین مۆڵەتێكی نوێ نادەینە ئەو وڵاتانە".



PM:04:09:31/07/2019