وەزارەتی پەروەردە چەند رێنماییەك بۆ تاقیكردنەوەكانی خولی دووەم دەردەکات

وەزارەتی پەروەردە چەند رێنماییەك لەبارەی تاقیكردنەوەكانی خولی دووەمی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەردەكات و هۆشداریش دەدات  ئەگەری روودانی هەر هەڵەیەك كە كاریگەری لەسەر خوێندكاران و پرۆسەكە هەبێت.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، ئالان حەمە سەعید ساڵح وەزیری پەروەردە، لە 6ی 8ی 2019، بە نوسراوەی فەرمی داوای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكان كردووە كە هەر پێداویستییەكیان هەیە بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە، ئامادەیە بۆ دابینكردن و جێبەجێكردنیان، لە هەمان كاتدا رایگەیاند كە پێویستە لە ڕێگای هەمان سیستمەوە، پەڕاوی سۆمای وەڵامی قوتابیان و خوێندكاران و وەڵامی نموونەی بۆ قوتابیان بە ڕێگای ئەلیكترۆنی بخرێنەڕوو، تاوەكو هەموو قوتابی و خوێندكارێك وەڵامەكانی و وەڵامی نموونەی ببینێت.

وەزارەتی پەروەردە ئاشكراشیكردووە، وەزیری پەروەردە چەند ڕێنماییەكی گشتی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەكان و لیژنەی باڵای ئەزموونەكان خستەڕوو، كە گرنگترینیان بریتین لە:

1ـ نابێت پرسیارەكان هیچ جۆرە هەڵەیەكی تێدا بێت.

2ـ نابێت پرسیارەكان جێگای گومان و لێڵی بن لە ڕووی وەڵامەوەو نابێت چەند وەڵامێك دروست بێت بۆ پرسیارێك.

3ـ پێویستە لیژنەی باڵای ئەزموونەكان تەواوی ووردبینی و شارەزاییان بەكاربهێنن بۆ ئەوەی هیچ كەم و كوڕییەك روونەدات.

4ـ ئایندەی قوتابیان/ خوێندكاران لە قۆناغی 12 لەڕووی راست و دروستی پرسیارەكان لە ئەستۆی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەكان و ئەو لیژنەیەیە كە سەرپەرشتی تاقیكردنەوەكان دەكات.

5ـ هەر هەڵەیەك رووبدات و كاریگەری لەسەر قوتابیان/ خوێندكاران و پرۆسەكە هەبێت، رێكاری كارگێری دەگیرێتەبەر بەرامبەر كەسان و لایەنی كەمتەرخەم و سزای كارگیری دەدرێت.


PM:06:25:08/08/2019