هەولێر: چەند دوکانێکی گۆشتفرۆشتن داخران

قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەچەند گەڕەكێك و سەرشەقامێك دیاردەی سەربڕینی ئاژەڵ بەدی كرا بەو هۆیەوە چەندین دوكانی گۆشتفرۆش داخران.

قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا، كەوێنەیەكی بۆ (سپی) نێراوە ڕایگەیاندووە ، دوای ئەوەی بۆ چەندین جار لە ڕاگەیاندنەكان ئاگاداری سەرجەم گۆشت فرۆشەكانی شاری هەولێر كراوەتەوە سەربڕینی ئاژەڵ جگە لەبەڕێوەبەرایەتی كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێرقەدەغەیە ، بەڵام تێبینی كرا لە چەند گەڕەكێك و سەرشەقامێك دیاردەی سەر بڕینی ئاژەڵ هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەربڕینی ئاژەڵەكان بەدەر لە ڕێنماییەكانی ڤێتێرنەری و تەندروستیەكان ئەنجام دەدرێت ئەمەش جگە لە دیاردەی ناشارستانی و پیسكردنی ژینگە پێچەوانەی ڕێنماییەكانە.

وتیشی، قایمقامیەتی ناوەندیی هەولێریش لەڕێگای بەشی پۆلیسی شارەوانی لەهەڵمەتێكی بەرفراواندا توانرا چەندین دوكانی گۆشتفرۆش دابخەن لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی چەندین ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەكان، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەكانیان دەگیرێتەبەر هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت، هەركەسێك پابەند نەبێ بەڕێنماییەكان شوێنەكەی دادەخرێت ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە.


PM:03:50:14/08/2019